حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە بەدرێژایی نزیکەی دوو سەدە

964+

فەهمی نەبی

هەردوو ئاژانسی ناسا و نوا خەمڵاندنیان کردووە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە درێژایی 174 ساڵی رابردوو، گەرمترین مانگی ساڵ بووە.

هەردوو ئاژانسی NASA و NOOA دوو ئاژانسن، لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی گەردونی، جیۆلۆجی و ژینگەیی دەکەن و زانیاری پێشکەش دەکەن.

رێبەر مزوری، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی جیۆلۆجی ژینگەیی بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت، ئەو زانایانەی لەو دوو ئاژانسە کاردەکەن، شیکارییەکیان کردووە کە لەسەرانسەری جیهاندا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت، بە گوێرەی پێشبینی ئەو زانایانەی لەو بوارە کاردەکەن، لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزترین پلەی گەرمی ترسناکی تێدا تۆمار دەکرێت.

رێبەر مزوری ئەوەش دەڵێت، ئەگەر تا چەند ساڵێکی دیکە مۆلیدەکان لە شارەکاندا ئاوا بەردەوام بن و کاربکەن، رێژەی پیسیی هەوای هەولێر و شارەکان دەگاتە ئاستێک دەچنە ریزی پیسترین شارەکانی جیهان و پلەی گەرمیی بەرزتریان لێ تۆماردەکرێت.

بە پێی وتەی شارەزایانی ژینگەیی، تەنیا چاندنی درەخت هۆکار نییە بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی، بەڵکو بۆیەکردنی خانوو، بەو بۆیانەی گەرمی دەمژن، دروستکردنی خانوو لەو کەرەستانەی کە گەرمی دەمژن و بەکارهێنانی ئەو جۆرە قیرەی کە تێکەڵەی ئەو جۆرە مادەیەی تێدایە، کە گەرمی هەڵدەمژێت، هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمین.