چۆن کەسێک تووشی “گەرمابردن” دەبێت؟

964+

پێشەوا محەمەد

“گەرمابردن” لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە بە چەندان شێوەی جیاواز روو دەدات، پزیشکێک شێوازەکانی بۆ 964 روون دەکاتەوە.

پلەی گەرمی ناوەوەی لەشی مرۆڤ لەسەر 37 پلە جێگیر کراوە، ئەو گەرمییەش بە هەرسی خۆراک دروست دەبێت و بە  ئارەقکردنەوەش لەناودەچێت.

“ئارەقکردنەوە زۆر گرنگە، تا گەرما نەمانبات، بەڵام لەو کەسانەدا کە پیرن چالاک نییە و لەو کەسانەشدا کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە بە هەمان شێوە و ئەوانەش زۆربەی کات قوربانیی گەرمان”، ئەوە قسەی زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناوییە بۆ 964.

بە وتەی ئەو پزیشکە، رەقیتە بە گەرما، یەکێکە لە جۆرەکانی گەرمابردن، کە تەشەنوجی ماسولکەیە لە وەرزشواندا کاتێک زۆر وەرزش دەکەن، بەڵام خوێواو ناخۆنەوە و تەنیا ئاوی سادە دەخۆنەوە و بە بڕوای ئەو چارەسەرەکەی دەرمانی دێکسترۆلایتە.

وەک ئەو پزیشکە روونی دەکاتەوە، لە پەلوپۆکەوتن بە گەرما، یەکێکی دیکەیە لە جۆرەکانی گەرمابردن، ئەویش کاتێک روو دەدات پلەی گەرما دەگاتە سەروو 25، ئەو کەسەش وەرزشی زۆر دەکات بە جلی سەربازی یان جلێکی تەڕ.

لێدان بە خۆر، جۆرێکی کوشندەی گەرمابردنە بە پێی وتەی دکتۆر زانیار، لەو جۆرەیاندا پلەی گەرمیی لەش دەچێتە سەروو 41 پلە، لە کەسێکدا روو دەدات، کە لە ژوورێکی بێ شنەبا و گەرمدا بێت و بە تەمەن بێت و لەوانەشدا، کە دەستیان ناگات بە ئاو و بەر سێبەر، “ئەم کەسە زۆربەی کات ئارەق ناکاتەوە، پێستی داخ بووە و بۆ چارەسەریش نەخۆشخانە و چاودێریی وردی دەوێت”.