کەلار پاڵەوانە
خولی تۆپی پێی فێرگە و ئەکادیمیاکانی گەرمیان کۆتایی هات
+964
هونەر فارس – گەرمیان
بە لێدانی سزا ئەکادیمیای کەلار لە یاریی کۆتایی خولی فێرگە و ئەکادیمیاکانی گەرمیاندا، سەرکەوتنی بەسەر فێرگەی بنیادی شاری کفریدا بەدەستهێنا.
خولەکە ماوەی مانگێک بوو کرابووەوە و 17 فێرگە و ئەکادیمیا و قوتابخانەی سنووری گەرمیان بەشداریان تێداکرد، ئەمڕۆ 18.7.2023 لە یاریگەی رزگار مەشەیی لە قەزای کەلار، بە سەرکەوتنی ئەکادیمیای کەلار کۆتاییهات.
خولەکە بە سەرپەرشتی لیژنەی فێرگەکانی گەرمیان بەڕێوەچوو، ئەو یاریزانانەشی کە لە خولەکەدا بەشداریان کردبوو، لەدایکبووی ساڵی 2010 بەرەو سەرەوە بوون.
سەردار مەجید سەرۆکی لیژنەی فێرگە و ئەکادیمیاکانی گەرمیان بە 964ی وت: خولەکە بۆ دیاریکردنی ئاستی یاریزانان گرنگیی خۆی هەیە و ئەو یاریزانانەی کە ئاستیان باشە لە لایەن یانەکانەوە سوودیان لێ دەبیندرێت.
ئاماژەی بەوەش دا ئەو دوو فێرگەیەی کە گەیشتنە یاریی کۆتای، لە سلێمانی بەشداریی خولی فێرگە و ئەکادیمیەکان دەکەن.
لە کۆتایی خولەکەدا خەڵات بەسەر باشترین یاریزان، گۆڵپارێز و گۆڵکەاری خولەکە و هەردوو تیپی یەکەم و دووەمدا دابەشکرا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا