حکومەتی عێراق بڕیاری دا

کێشەی داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک چارەسەر کرا

964+

فەهمی نەبی

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسایەک داوە، کە بە هۆیەوە بڕیارەکانی ئەنجومەنی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس سەبارەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان لە کەرکوک و ناوچەکانی مادەی 140 هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خالید شوانی وەزیری دادی عێراق راگەیاند، “هەواڵی خۆشم پێیە بۆ جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە داوە و لە ئەمڕۆوە بڕیارە بنێردرێت بۆ پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

خالید شوانی ئەوەشی وت، یاساکە زیان بە هیچ پێکهاتەیەک ناگەیەنێت، بە جۆرێکە تەنیا سنووری کەرکوک ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی ناوچەکانی مادەی 140 دەگرێتەوە، هەر کەسێک زیانمەند بێت، قەرەبوو دەکرێتەوە، بە جۆرێک زەوی دیکەیان پیدەدرێت.

ئەو پڕۆژە یاسایە، نۆ بڕیاری ئەنجومەنی شۆڕشی حزبی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە، کە لە دوای ساڵانی 1976 بەدواوە دەرکرابوون، بەهۆیەوە مافی خاوەنداریەتی لە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵیەکانی کەرکوک لە خاوەنەکانیان کە کورد و تورکمان بوون، وەرگرتبووەوە، بە پێی بڕیارەکە خاوەنداریەتی درابوو بەو عەرەبانەی هاوردەی ئەو ناوچانە کرابوون.