کێشەی گەنمی جوتیارانی هەولێر چارەسەر کرا
964+
پێشەوا محەمەد
کێشەی ئەو جوتیارانەی هەولێر چارەسەر کرا، کە نووسراوی وەرگرتنی گەنمیان پێبووە و لێیان وەرنەگیراوە.
بڕەکە کەمتر لە 15 هەزار تۆن گەنمە و بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە لایەن کۆمپانیای خۆشناو لە سایلۆی دەشتی شەمامک وەردەگیرێت.
رۆژی 15.7.2023 دوا وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بوو لە سایلۆکان، بەڵام لە سایلۆی هەولێر سەرەڕای ئەوەی هەندێ جوتیار نووسراوی وەرگرتنی گەنمیان وەرگرتبوو، بەڵام لێیان وەرنەگیرابوو، بەوهۆیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.
“دوای کێشەکە راستەوخۆ وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و سەرۆکایەتیی حکومەت هاتنە سەرخەت و لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێکهات”، ئەوە قسەی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمە بۆ 964.
دەشڵێت، دوای وەرگرتنی گەنمی ئەو جوتیارانە، لیژنەکە لە کەمتەرخەمیی ئەو بابەتە دەکۆڵێتەوە و هەرکەس کەمتەرخەم بووبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.