کچانی سلێمانی لە پاڵەوانیەتی عێراق درەوشانەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە پاڵەوانیەتی کیۆکۆشینی یانەکانی عێراق، کچانی شاری سلێمانی درەوشانەوە.

ئەمرۆ دووشەممە 17.7.2023 و لەنێو هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی کیۆکۆشینی عێراق و لەژێر چاودێری شیهان مەنسوری شارەزای جیهانی، پاڵەوانیەتی کراوەی ئەو یارییە بۆ هەردوو ئاستی تازەپێگەیشتوان و پێشکەوتوانی کچانی عێراق بەرێوەچوو.

هێمن عەلی، سکرتێری لقی سلێمانی بە 964ـی وت، پاڵەوانیەتییەکە ئاستێکی بەرزی بەخۆوە بینی و یاریزانانی بەشداربوو بە هەموو توانایەکیانەوە دەجەنگین بۆ دەستەبەرکردنی ئەنجامی باش.

وتیشی، کچە یاریزانە کوردەکان سەلماندیان کە دەتوانن رکابەری بکەن و چاویشیان لەسەر داهاتووەیەکی پرشنگدارە بۆ ئەو یاریزانانە.

دوای بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەکە، لەسەر ئاستی یانە و رێکخراوە وەرزشییەکان، یانەی ئالیاتی شورتەی شاری بەغدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و هەڵۆکانی سلێمانی پلەی دووەمی دەستەبەرکرد و یانەی ئەعزەمییەش پلەی سێیەمی مسۆگەرکرد، لەسەر ئاستی تاک پێنج کچە یاریزانی کورد مەدالیای ئاڵتونیان بەدەستهێنا و پێنج یاریزانی تریش مەدالیای زیویان لەملکرا و پێنج یاریزانی تریش مەدالیای برۆنزیان مسۆگەرکرد.

پێداچوونەوە: توانا نەقی