دوای یەک رۆژ لە دانانی بەربەستەکانی بەردەم تونێلی دەربەندیخان شکێنران

964+

توانا نەقی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر خۆی کێشا بەو بەربەستانەی لەبەردەم تونێلێ دەربەندیخان جێگیرکران و بەشی سەرەوەی بەربەستەکەیان شکاندووە.

بەربەستەکان بۆ ئەوە دانران هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە چوار مەتر و 10 سانتیم بەزرتربێت ناتوانێت داخلی ناو تونێلەکە ببێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەردوو دیوەکەوە دوو ئۆتۆمبێل کە بەرزییەکەیان زیاتر بووە لە بەربەستەکان خۆیان کێشیاوە پێیانداو شکاندوویانە.

سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانە نازنین بۆ ئاوایان کردووە چونکە لە هەر دیوی تونێلەکە دوو بەربەست هەیە یەکێکیان سەرەتا زنجیرێکە بۆ ئاگادار کردنەوە کە ئەگەر لە بەرزی دیاریکراو زیاتر بوو شۆفێرەکە ئاگادار دەکاتاوە ئەوی دیکەیان بەهیچ شێوەیەک ناهێڵێت بڕوات ئەگەر لە چوار مەتر و 10 سانتیم زیاتر بوو.

وتیشی، ئەوشۆفێرانە یەکسەر دەستگیر دەکرێن و سزای پێبژاردنیان دەدەن و دەبێت کولفەی چاکردنەوەی بەربەستەکان لە ئەستۆ بگرن.

ئەمڕۆ تیمێکی رێگاوبان کە سەرقاڵی دروستکردنی شەقامێکن لە دەربەندیخان ئەو بەربەستانەش چاکدەکەنەوە و وەک خۆی لێدەکەنەوە، قایمقامی دەربەندیخان وای وت.

هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەناو تونێل کە بەرزی زیاتر بێت لە چوار مەتر و 10 سانتیم رێگەپێنەدراوە، بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێکی بارهەڵگر سەرپێچی بکات، تووشی زەرەر و زیانی مادی زۆر دەبێتەوە، بەهۆی بەرکەوتنی بە بەربەستەکاندا.