چوار پرۆژەی ئاو لە چەمچەماڵ جێبەجێدەکرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

چوار پرۆژەی ئاو لە چەمچەماڵ جێبەجێدەکرێن و بڕی یەک ملیار و 900 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخانکراوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، لە ماوەی 10 رۆژدا دەستپێدەکەن.

پرۆژەکان پێکهاتوون لە لێدانی 10 بیری قوڵ، راکێشانی بۆری 12 ئینج بە درێژایی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر، دروستکردنی تانکیەکی یەک هەزار مەتر سێجا و دروستکردنی ژووری بیر لە کانی شەیتان.

ئەمڕۆ سێشەممە 11.7.2023، رەمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە 964ی راگەیاند، “بەپێی یاسا دەبێت کۆمپانیای جێبەجێکار لەماوەی 10 رۆژدا ئەو زەوییانەی بۆ دیاریبکرێت کە پرۆژەکانی لەسەر جێبەجێدەکرێت، و دەست بە جێبەجێکردنی بکات”.

وتیشی، ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەی کەم ئاوی لەسنوری قەزای چەمچەماڵ.

دوێنێ دووشەممەش، بۆ جێبەجێکردنی کۆتا رێکارەکانی پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیاکەوە، قایمقامی چەمچەماڵ لەگەڵ ئەحمەد عەلی جێگری پارێزگای سلێمانی کۆبووەتەوە.

کۆمپانیای “خۆزان” پرۆژەکە جێبەجێدەکات و ماوەی یەک ساڵی بۆ دیاریکراوە.