عێراق: تەنیا خەڵکی کوردستان دەتوانن وەکو پاسەوانی سنور دابمەزرێن
964+
هێمن بەکر – هەولێر
لەو پرۆسە تازەیەی بۆ دامەزراندنی شەش هەزار پاسەوانی سنور دەستیپێکردووە، تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن، بە قسەی بەرپرسانی عێراق.
بڕیارە بە دوو قۆناغ، هەر جارە و سێ هەزار کەس، وەکو پاسەوانی سنور بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن لەسەر بودجەی فیدراڵی عێراق.
لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڤیدیۆیەکدا کە 964+ بینیویەتی دەڵێت، “پرۆسەکە تایبەتە بە فەرماندەیی پاراستنی سنووری ناوچەی یەک، واتە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی پشتیوانیکردنی هێزەکانی سنوور لەگەڵ برایانمان لە هێزەکانی پێشمەرگە”.
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو دامەزراندنە تەنیا بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆکە لە هەرێمی کوردستان.
هۆکاری ئەو دامەزراندنە بۆ ئەو فشارانە دەگەڕێتەوە کە لەسەر حکومەتی فیدراڵی عێراق هەیە تاوەکو بێدەنگ نەبێت لەوەی تورکیا و ئێران بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە شێوەی بەردەوام.
لە عێراق سێ ناوچەی هێزەکانی سنور هەیە، یەک، دوو لەگەڵ سێ، ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوری هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو فەرماندەییە نزیکەی شەش هەزار و ٥٠٠ کەسە لە ئێستادا.
رۆژی سێشەممە، ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی دەرگای دامەزراندن لەسەر میلاکی فەرماندەیی سنور دەکاتەوە.
دوای ئەوەی کە لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن بڵاوکرایەوە، بەهۆی لۆدی زۆرەوە راگیرا، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا لینکێکی نوێ بڵاوبکرێتەوە، کە دەبێت هاوڵاتیان دووبارە فۆرمەکانیان پڕبکەنەوە.