وەزارەتی خوێندنی باڵا 21 ملیار دیناری بۆ خوێندکاران تەرخانکردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ماوەی چوار ساڵدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا 21 ملیار دیناری بۆ پاڵپشتی خوێندکاران و نۆژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان تەرخانکردووە.
بەپێی ئاماری کار و چالاکییەکانی چوار ساڵی رابردووی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە دەست 964 کەوتووە، گۆڕانکاری لە 13 پۆستی سەرۆکی زانکۆ و 23 یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و 90 راگری کۆلێژ کراوە.
کرێی خوێندن بۆ خوێندنی ساڵی 2019 تا 2023، بە رێژەی %10 و 20 و 45 کەمکراوەتەوە و لێخۆشبوون بۆ کرێی خوێندنی ئەو کەسانەش کراوە کە لە چاکسازییەکاندا دەخوێنن، ھەروەھا بڕیاریداوە لە کرێی %100ـی خوێندنی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێم خۆشبێت.
بۆ ساڵی 2023 – 2024، بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بڕیاریداوە لە کرێی %100ـی خوێندنی باڵایان خۆشبێت، بەو مەرجەی لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەربچن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دوای دەرچوونی یاسای چاکسازی، وردبینی بۆ 25 ھەزار و 375 دۆسیە کردووە و لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 14 ملیار دیناری بۆ پشتیوانی دارایی خوێندکار و نۆژەنکردنەوە و چارەسەرکردنی بەشە ناوخۆییەکان تەرخانکردووە.
بۆ ساڵی داهاتووش، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرتووە بۆ خەرجکردنی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ هەمان مەبەست.
یەک هەزار و 842 خوێندکاری یەکەم تا سێیەمی زانکۆ حکومییەکان دامەزراون و مامەڵەی دامەزراندن بۆ نزیکەی پێنج ھەزار خوێندکار لە سێ یەکەمەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کراوە، لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق.
هەر لە ماوەی چوار ساڵدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 130 ھەزار خوێندکاری وەرگرتووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی و خولی دووەمی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا و دبلۆمی دوو ساڵەی پزیشکی کردووەتەوە و تواندراوە 15 ھەزار و 728 خوێندکار وەربگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کورسی خوێندن بۆ فەرمانبەرانی حکومی بە بێ بەرامبەر دابینکراوە.