بانگبێژی مزگەوتەکەی ئەبوبەکر بەغدادی قسە بۆ 964 دەکات
964+
کاروان ساڵحی
ئەو مزگەوتەیە لە ساڵی 2014 ئەبوبەکر بەغدادی دەوڵەت و خەلافەتی ئیسلامی تیادا راگەیاند.
رووبەری مزگەوتی نوری موسڵ نزیکەی شەش هەزار مەترە و مێژوویەکی کۆنینەی هەیە، لە ساڵی 1172ی زایینی دروستکراوە.
داعش لە 2014 هات و دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت، هەر لەم مزگەوتەشەوە ئەبوبەکر بەغدادی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند.
سەید عیماد زەکی 14 ساڵ بانگبێژی مزگەوتی نوری بووە، ئەو بۆ 964ـی گێڕایەوە کە بەیانییەکی هەینی هاتووە و بینیویەتی چەکدارەکانی داعش خەریکی شۆردنی مزگەوتەکەن، دواتر بۆیان دەرکەوتووە ئەبوبەکر بەغدادی بەڕێگاوە بووە بۆ مزگەوتەکە.
بە قسەی خەڵکی ئەم گەڕەکە، داعش کە هاتووە برسێتی و ترسی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەجۆرێک کە خۆراک لە ماڵەکانیاندا نەماوە.
حەکیمە ژنێکی ئەم گەڕەکەیە و ئەو رۆژەی لەبیرە ئەبوبەکر بەغدادی هاتووەتە مزگەوتی نوری و بەو هۆیەوە لە هەموو لایەکەوە تەوق دراون.
خەڵکی موسڵ وەکو ناسنامەی خۆیان تەماشای مزگەوتی نوری و منارەی حەدبا دەکەن، هەر بۆیە بە تەقاندنەوەی لە لایەن داعشەوە ئێشی زۆریان پێگەیشت.
رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2019ـەوە بڕیاریداوە نۆژەنی بکاتەوە، دیوانی وەقفی سونی عێراقیش چوار هەزار و 500 مەتری دیکە پانتایی بۆ مزگەوتەکە زیادکردووە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، هۆکاری دواکەوتنی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە ئەوەیە کە ناتوانن ئامێری هەڵكەندن بەكاربهێنن چونکە شوێنێكی مێژووییە و دەبێت بە وردی و وریاییەوە کاری تیادا بکرێت.
داعش رێکخراوێکی پەڕگیر بوو، بانگەشەی دەکرد بە زەبری چەک ئایینی ئیسلام سەردەخات، بێ ئاگا لەوەی زۆربەی مسوڵمانان پشتیان تێکردبوو، هەروەها نەفرەتیان لەو تۆقاندنە کردبوو کە ئەو چەکدارانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا و بە ناوی خوداوە بڵاویان دەکردەوە.