سێ کەسیشیان هەڵاتوون
سەرۆکی باندێکی مادەی هۆشبەر لە دهۆک دەستگیرکرا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی دهۆک تاوانبارێکی سەرەکی باندێکی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، لە ئۆپراسێۆنێکدا لە گەڕەکی حەی عەسکەری توانرا تۆمەتباری سەرەکی ئەو باندەی کە کاریان بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر بووە دەستەسەر بکرێت.
شایەتحاڵێکی رووداوەکە بۆ 964 دواو وتی، ئەو باندە کە لە چەند کەسێک پێکهاتبوون ماوەیەکی کەمە لە گەڕەکەکەیان لە شوقەیەکدا نیشتەجێ بوون، رۆژانە سەردانی مارکێتەکەی ئەویان کردووە، بەڵام بەوەیان نەزانیوە کە ئەو کەسانە باندی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەرن.
وتیشی، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایش هەڵیکوتاوەتە سەریان، دوان لە باندەکە کە گەنجێک و کچێک بوون چەکیان پێبووە و تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە ویستوویانە هەڵبێن دواتریش بە تاکسییەک هاڵاتوون.
964 پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی دهۆکەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو، پۆلیسی دهۆک خۆی کەمێک پێش ئێستا لەسەر رووداوەکە راگەیەندراوێکیان هەبووە.
پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، لە دوای ئەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ گەورەترین باندی مادەی هۆشبەر لەلایەن دادگاوە درا لە سنوری پارێزگای دهۆک و زاخۆ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئسایشی زاخۆ و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە دهۆک بەهاوکاری پۆلیسی دهۆک توانیویانە تۆمەتباری سەرەکی دەستگیربکەن.
دەشڵیت، “سەرۆکی باندەکە دەستگیرکراوە، دوگەنج و کچێکی دیکە توانیویانە هەڵبێن و لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیریان دەکەینەوە”.