بەشێك لە كرێكارانی كۆكردنەوەی پەتاتە ناڕەزایەتییان دەربڕی  

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی ئەوەی پارەی كرێی كاركردنیان كەمە و كاتێكی زۆر كار دەكەن، بەشێك لە كرێكارەكانی كۆكردنەوەی پەتاتە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

كرێكارەكان داوادەكەن كاتی كاركردن كەم بكرێتەوە و كرێكەشیان بۆ زیادبكرێت، بۆئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان پەیدابكەن بەو پارەیەی كە پێیان دەدرێت.

“عامر مەحمود، یەکێکە لە کرێکارەکان لە دەشتی سنووری ئاکرێ بە 964ی وت، رۆژانە حەوت كاتژمێر كاردەكەین بە دە هەزار دینار، ئەوەش زۆر كەمەو داوا دەكەین زیادبكرێت.

“شێرزاد هەرکی” سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لقی ئاکرێ بە 964ی وت، تا ئێستا هیچ گلەییکمان پێنەگەیشتووە لەلایەن کرێکارەکانەوە، كە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام هەوڵدەدەین چارەسەری كێشەكەیان بكەین و بەدەمیانەوە بچین، بەپێی یاسا دەبێت هەر كرێكارێك بۆ یەك كاتژمێر 2500 دیناری بدرێتێ.

كرێكارەكان چەند كاتژمێرێك گردبوونەوە و خۆیان دەڵێن ئەگەر كێشەكەیان بۆ چارەسەر نەكرێت جارێكی دیكە گرددەبنەوە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد