هەولێر بووە دەستەخوشکی ناشڤیل، چ سوودێکی بۆ خەڵکەکەی هەیە؟

964+

فەهمی نەبی

پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، رۆژی هەینی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری ناشڤیلی ئەمریکا بە تێکڕایی دەنگ بڕیاری بوونە دەستەخوشکی نێوان هەولێر و شارەکەی پەسەندکردووە، 964 وەک بابەتێکی میدیایی دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرێت، سوودی بوونە دەستەخوشکی شارەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ شارەکانی هەرێم سودی بۆ خەڵکی ئەو شارانە چی دەبێت؟

ناشڤێل پایتەختی ویلایەتی تێنسی ئەمریکایە و مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی 1779 دەگەڕێتەوە، بە هەمان شێوەی هەولێر شەش شارەوانی لەخۆدەگرێت، بە پێی سەژمێری ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 689 هەزار و 447 کەسە و خاوەنی زانکۆی بەناوبانگی ڤاندەربێڵتە

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، “سوودی یەکەمی بۆ خەڵکە، چونکە لە بواری بازرگانی باشتر دەتوانرێت پەیوەندی نێوان ئەو دوو شارە رێکبخرێت، هەماهەنگی تەواو دەبێت لەگەڵ ئەو شارە، بۆ نموونە ئێمە دەتوانین داوای کورسی خوێندن لەو شارە بکەین، یان ناردنی مامۆستایانمان بۆ ئەوێ تا ئەزموونی ئەو شارە ببینن، بە تایبەت لە پێدانی ڤیزا گۆڕانکاری دەبێت، گرنگییەکی دیکەی ئەوەیە هەولێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاکە شارە بووەتە دەستەخوشکی ناشڤیل”.

لە تەمووزی ساڵی 2019 رێککەوتنی بوونە دەستەخوشکی نێوان هەولێر و پاریس واژۆ کرا، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا تیمێکی پارێزگای هەولێر بچن بۆ شاری ناشڤیل بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی بوونە دەستەخوشکی نێوان هەولێر و ناشڤیل.

بە وتەی نەبەز عەبدولحەمید، “لەچەندان بواری دیکەی وەک وەرزشی، هونەری و کولتووری سوودی دەبێت، بۆ نموونە پێشتر هەولێر لەگەڵ پاریس بووەتە دەستەخوشک سوودی هەبووە بۆ پێدانی ڤیزا و دابینکردنی کورسی خوێندن و تەنانەت هاتنی سەرۆکی شارەوانیی پاریس بۆ هەولێر و ئاسانکاری زۆر بۆ بازرگانان کراوە”.

بە گوێرەی ئەو زانیارییە پێدراوانەی هەن لەسەر وشەی (دەستەخوشکی نێوان دوو شار) پارێزگای هەردوو شار رێککەوتنێک واژۆ دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی هەر یەکە لە بوارەکانی کولتووری، هونەری و خوێندنی زانکۆیی و رێککەوتنەکە دوورمەودایە و کاتێکی بۆ دیاریی ناکرێت بۆ کۆتایی پێهێنانی

لە ساڵی 2021 پارێزگای دهۆک لەگەڵ شاری گاینسڤایڵی ئەمریکی بوو بە دەستەخوشک، لە پارێزگای سلێمانی قەزای سەیدسادق لە ساڵی 2019 بووەتە دەستەخوشکی شاری پالیرموۆ ئیتالی.