ئەوانەی باوک و دایکیان جیادەبنەوە

دادگای سلێمانی بڕیارێکی جیاواز لەبارەی منداڵ دەدات

964+

پێشەوا محەمەد

دادگای باری کەسێتی 4ـی سلێمانی بڕیارێکی بۆ سکاڵاکارێک دەرکردووە، کە دەتوانێت نەوەکانی ببینێت لە کاتێکدا دایک و باوکی جیابوونەتەوە. پارێزەرێک دەڵێت، بڕیارەکە تازەیە و پێشتر رێگە بەو یەکتربینینە نەدراوە.

بڕیارەکە دادوەر کامەران رەسوڵ سەعید، دادوەری داگای باری کەسی 4ـی سلێمانی داویەتی و بڕیارەکەشی بۆ دوو هۆکار گەڕاندووەتەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە پچڕاندنی سیلەی رەحم لە شەرعدا حەرام و رێگەپێنەدراوە و دووەمیشیان ئەوەیە؛ بە پێی یاسای ژمارە 8ـی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی ساڵی 2015، پچڕاندنی سیلەی رەحم بە تاوان هەژمار کراوە.

محەمەد حەسەن، پارێزەر بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە نوێیە و پێشتر تەنیا لە حاڵەتی مردنی دایک یان باوک رێگە بە بینینی نەوە دەدرا لە لایەن داپیرە و باپیرەوە.

وتیشی، “ئێستا ئەوەی کێشەی بەردەم ئەو بڕیارەیە دادگای تەمیزە، کە باوەڕی وایە ئەو یەکتربینینە پێویست نییە و ئەگەری رەتکردنەوەی هەیە”.