سبەی تاقیکردنەوەی ئەوانەیە کە بەنیازی کۆلیژی بەهرەدارانن
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی پەروەردە ئاگاداری ئەو قوتابیانە دەکاتەوە کە فۆڕمیان بۆ کۆلیژی بەهرەداران لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک پڕکردووەتەوە، رۆژی شەممە تاقیکردنەوەیان هەیە.
کۆلیژەکانی بەهرەداران سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، دوای پۆلی شەشی سەرەتایی قوتابیان وەردەگرێت، هەر قوتابیەک ماوەی شەش ساڵ لەو کۆلیژە دەخوێنێت، وەرگرتن لەو کۆلیژانە لە رێگەی تاقیکردنەوەیە و بەچەند قۆناغێک دەبێت، رۆژی شەممە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەکەیە.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم 692 قوتابی فۆرمیان پڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە کۆلیژی بەهرەداران وەربگیرێن، رۆژی شەممە 8.7.2023 لە کاتژمێر 10:30 لەو شوێنانەی بۆیان دەستنیشانکراوە تاقیکردنەوەیان دەبێت.
لە پارێزگای هەولێر کۆلیژی قەڵا هەیە بۆ وەرگرتن، لەو کۆلیژە 207 خوازیار فۆرمیان پڕکردووەتەوە و تاقیکردنەوەکەیان لە ئامادەیی هەولێری زانستی کچان لە شەقامی 60 مەتری بەرامبەر یاریگەی فرەنسۆ هەریری.
لە کۆلیژی ئەزمەڕی بەهرەداران، 278 خوازیار فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و تاقیکردنەوەکەیان لە سەنتەری زمان دەبێت لەناو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە قڕگە.
لە کۆلیژی دهۆک بۆ بەهرەداران 207 خوازیار فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و تاقیکردنەوەکەیان لە هۆڵی ئەزموونی هەمان کۆلیژ دەبێت.