کەوتوونەتە بۆسەوە
شەوی رابردوو لە نزیک رێگای کەرکوک – هەولێر پێنج داعش کوژراون
964+
کاروان ساڵحی
درەنگانێکی شەوی رابردوو، دژەتیرۆری عێراقی لە گوندی کتکە سەر بە ناحیەی پردێ رووبەڕووی چەکدارانی رێکخراوی داعش بوونەتەوە و بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، پێنج چەکدار کوژراون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو چەکدارانە کەوتوونەتە بۆسەی “کامێرای حەراری” هێزەکەی دژەتیرۆرەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵا کە نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت بەهۆی ئەوەی هێزەکەی ئەوان بەشدار نەبووە لە شەڕەکەدا، بە 964ـی وت، هێزێکی فەوجی کەرکوکی دژەتیرۆری عێراقی بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە لە دەوروبەری گوندەکە هاتوونەتە خوارەوە و بۆسەیان داناوە و رووبەڕووبوونەوە دروستبووە و پێنج چەکداری داعش کەوتوونەتە بۆسەکەوە و کوژراون.
وتیشی، پاشان هێزەکە دەستیانکردووە بە کێوماڵکردنی ناوچەکە.
گوندی کتکە سەر بە ناحیەی پردێیە و گوندێکی کوردنیشینە و دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی نێوان کەرکوک – هەولێر.
بەهۆی ئەوەی پشتی گوندەکە بە قامیشەڵان دەبەسترێتەوە بە بەرزاییەکانی قەرە هەربەتەوە، ئەو سنورە کراوەیە و چەند جارێکی دیکە لە لایەن دانیشتوانی گوندەکانی کتکە و گورزەیی و بیبانی، جموجوڵی چەکدارانی داعش بە سواری ماتۆڕسیکیلەوە بینراون.