رادەستی خاوەنەکەی کرایەوە
پارچەیەک زەوی پاککرایەوە 40 ساڵ تەقەمەنی تێدابوو
964+
فەهمی نەبی
دەزگای مین لە سلێمانی کێڵگەیەک کە رووبەرەکەی نزیکەی چوار هەزار مەتر بوو، رادەستی خاوەنەکەی کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین تەقەمەنی تێدابووە و نزیکەی 40 ساڵە بەکارنەهاتووە.
ئەو زەوییەی لەو تەقەمەنیانە پاککراوەتەوە، دەکەوێتە گوندی کانی پیرە لە سنووری ناحیەی بەکرەجۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەزگای گشتیی کاروباری مین – لقی سلێمانی رادەستی خاوەنەکەی کردەوە.
ئارام تەها، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای مین لقی سلێمانی بۆ 964 وتی، ئەو زەوییەی پاککراوەتەوە لەسەر داوای ئاسایشی گەڕەکی کوردسات بووە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 770 مەتر دووجا بووە و پێنج رۆژی خایاندووە.
بە وتەی ئارام تەها، لەو زەوییەدا 10 پارچە تەقەمەنی دۆزراوەتەوە و هیچ مینێکی لێ نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعس ناوچەی سەربازی بووە.
بە گوێرەی وتەی دەزگای مین – لقی سلێمانی، دوای پاککردنەوەی زەوییەکە دەکرێتە شوێنی نیشتەجێبوون.
پێشووتر جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان بە 964ی وتبوو، “لە هەرێمی كوردستاندا 776 كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی، حەوت ملیۆن مینی لێچێنراوە و لەو رووبەرەشدا توانراوە زیاتر لە 518 كیلۆمەتر چوارگۆشە پاك بكریتەوە”، زانیارییەکانی دەزگای مین دەڵێن هێشتا دوو ملیۆن مین لەکوردستاندا ماون.