دوای 32 ساڵ حاجی ئۆمەران پشت له‌ ئێران دەکات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

حکومەتی هەرێم کارەبای نیشتمانی گەیاندە حاجی ئۆمەران و ئیدی چیتر پشت بە ئێران نابەستێت.

دوای 32 ساڵ بەسەر راپەڕینی بەهاری 1991، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی گەیاندە ناحیەی حاجی ئۆمەران.

لەم ماوەیەدا، دانیشتووانی حاجی ئۆمەران پشتیان بە کارەبای ئێرانی بەستووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەکەی داوە.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، دوایین كرێى مانگانه‌ى كاره‌بای حاجی ئۆمه‌ران 300 ملیۆن دینار بووه‌ کە حکومەتی هەرێم بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی داوە.

وەفا سەعید خان، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاره‌باى سۆران به‌ 964ـى راگه‌یاند ، ماوه‌ى پێنج مانگه‌ كار له‌سه‌ر راكێشانى كاره‌باى نیشتمانى بۆ ناحیه‌ى حاجى ئۆمه‌ران ده‌كرێت، وتیشی “13 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ چوار پرۆژەی كارەبای كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كاره‌با ده‌گه‌یه‌نێته‌ حاجی ئۆمه‌ران”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كاره‌با ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ئه‌و ناحیه‌یه‌.

ئاشكراشی كرد “پڕۆژه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ بونیادنانی هێڵی 132 KV سۆران 2 – چۆمان بە درێژایی 45 كیلۆمەتر، هه‌روه‌ها بونیادنانی هێلی 33KV چۆمان – حاجی ئۆمەران بە درێژایی 20 كیلۆمەتر و دابینكردنی وێستگەی مۆبایلی 132/33KV چۆمان بە قەبارەی 45MVA و دابینكردنی وێستگەی مۆبایلی 33/11KV حاجی ئۆمەران بە قەبارەی 25MVA، لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێن”.