دوای مانگێک دوکەڵەکەی ئاسمانی رانیە خامۆش کرا
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
ماوەی مانگێک بوو شوێنی فڕێدانی خوڵ و خاشاکی شاری رانیە دوکەڵی لێ بەرز دەبووەوە و ئاسمانی شارەکەی تەنی بوو، بەڵام دواجار توانراوە دوکەڵەکە خامۆش بکرێت.
کۆمپانیایەک زبڵ و خاشاکی دەڤەری رابەڕین کۆدەکاتەوە و لە دەروازەی شارەکە و نزیک مۆنۆمێنتی راپەڕین و نزیکی شوێنی دانیشتوان هەڵیدەڕێژێت.
رێباز محەمەد بەڕێوەبەری ژینگە و خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین بە 964ی راگەیاند، “دوای سێ هەفتە لەک ارکردن بە شۆفڵ و حەفارە، ئینجا توانیمان دوکەڵەکە خامۆش بکەین.
ئەو بەڕێوەبەرەی ژینگە دەڵێت، “ئەو کەسانەی لەسەر زبڵدانەکە خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلن، هەر ئەوان ئاگریان کردووەتەوە”.
رێباز محەمەد هۆکاری فڕێدانی پاشماوەی زبڵ لەو شوێنە بۆ نەبوونی شوێن لە ناوچەکەدا دەگەڕێنێتەوە، ئەو دەڵێت، لە رۆژهەڵاتەوە ناوچەی گەشتیاری دەربەند و بەنداوی دوکان هەیە، لە باکوور چیای کێوەڕەش لە رۆژئاوا ناوچەی چڕی دانیشتووانە، لەبەرئەوە لە باشووری شار ئەو شوێنە دیاریکراوە.
پەیامنێری 964 زانیویەتی، تائێستا چەند کەسێک لەسەر سووتاندنی زبڵ لەو شوێنەدا دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە، بەڵام دووبارە دەبێتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بەهۆی نەبوونی زەویی پێویست، ماوەی حەوت ساڵە نەتوانراوە کۆمپانیای ریسایکلین لە ئیدارەی راپەڕین دابمەزرێت، بەڵام لەلایەن شارەوانییەوە هەوڵ هەیە بۆ دامەزراندنی.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی