پلانی دروستکردنی تێرمیناڵێکی گەورە لە زاخۆ هەیە

+964

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

پلانی دروستکردنی گەورەترین تێرمیناڵ لەزاخۆ هەیە و سێ وەبەرهێنەر پرۆپۆزەلیان پێشکەش کردووە.

دڵشاد خەلیل، بەڕێوەبەری هەڵسەنگاندن و پلاندانانی زاخۆ بە 964ـی وت: پێشبینی دەکەین تێرمیناڵەکە لەسەر رووبەری 20 دۆنم و لە رۆژهەڵاتی شاری زاخۆ بێت، بەڵام ئەمە تەنیا پێشبینییە و دوای ئەوەی پڕۆژەکە چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئەوکات بە پێی ژمارەی ئوتومبێلی گواستنەوە و پێداویستی خەڵک و لەبەرچاوگرتنی چەندین شتی دیکە، پلانەکانمان دەگۆڕدرێن، چونکە پڕۆژەکە ستراتیژییە و هێڵی گواستنەوە لە ناوخوی زاخۆ و هەموو پارێزگاکانی دیکەی کوردستان و عیراق دەگرێتەوە.

وتیشی: خزمەتگوزاری سەرەتایی وەک ئاو و کارەبا رادەکێشرێن و بنکەیەکی تەندروستی بچووک لەگەڵ بنکەیەکی منیش لەوێدادەنرێن. هەروەها چەندین هەلی کار لەوێ دەڕەخسێنرێت، تا ئێستا سێ وەبەرهێنەر پرۆپۆزەلیان پێشکەش کردووە و ئێمە لە قۆناغی خوێندنەوەی پرۆژەکەین، هەر کاتێک گەیشتینە ئەنجامێک ئەوکات وەبەرهێنەران ئاگادار دەکەین لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە و راستەوخۆ سەرپەرشتی دەکەین.

دوای سەربەخۆبوونی ئیدارەی زاخۆ، گوڕانکاری زۆر لە بوارە جیاجیاکاندا لەوێ کراوە، دیارترینیان بەقەزاکردنی باتیفا و دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەندان رێگەوبانی قەزا و ناحیە و گوندەکانی سەر بە ئیدارەی زاخۆ.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا