قوتابییەک لە گەرمیان نمرەکەی بەرزە و ناوی لە ناو هیچ ریزبەندییەکدا نییە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

قوتابییەک لە کەلار بە کۆنمرەی 688 ناوی لە ریزبەندی یەکەمەکانی گەرمیاندا نییە، باوکی دەڵێت غەدری لێکراوە، پەروەردەی گەرمیانیش دەڵێت، قوتابخانەی ئەو قوتابییە لەسەر وەزارەتی پەروەردەیە نەک گەرمیان.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی پۆلی 12ى ئامادەیی، پەروەردەی گەرمیان ریزبەندی 10 یەکەمەکانی سەر ئاستی پەروەردەی گەرمیانی بڵاو کردەوە.

نمە بێستون، قوتابییە لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی کەلار- سابیس، کۆنمرەی 688 بووە، “ناوی لە ریزبەندی یەکەمەکانی گەرمیاندا نییە، لە کاتێکدا خوێندکاری تێدایە کۆنمرەی لە نمە کەمترە”، بێستون ژاڵەیی باوکی نمە وای بە964 وت.

نورەدین سەعید لە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردە، بە 964ى وت، “ئەو قوتابخانەیە راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە و ئامار و نمرەکانیان ناچێتە سەر پەروەردەی شارەکان”.

ئاماژەی بەوەش کرد “وەزارەت تەنیا ناوی سێ یەکەمەکانی بڵاو کردووەتەوە، ئەو ریزبەندییە لەسەر ئاستی پەروەردەکان خۆیانە و ئێمە بڵاومان نەکردووەتەوە، ئەگەر کۆنمرەکەی لە ریزبەندی سێ یەکەمەکانی هەرێم بوایە، بێگومان بڵاومان دەکردەوە لە وەزارەت”.

سەبارەت بە ناڕەزایی خێزانی ئەو قوتابییە، دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە 964ی وت، “راستە بینای قوتابخانەی سابیس لە کەلارە، بەڵام ھیچ پەیوەندیەکی بە پەروەردەی گەرمیانەوە نییە، ئێمە ریزبەندییەکان لە رێگەی سیستەمی (ئی- پەروەردە) وەردەگرین، ئەو قوتابخانەیەش ھیچ داتایەکیان لە ناو سیستمەکەدا نییە، راستەخۆ پەیوەندیان بە وەزارەتی پەروەردەوە ھەیە”.

دارا ئەحمەد ئەوەشی وت، “وەک ریزبەندی و نمرە لەسەر ئاستی پەروەردەی گەرمیان وەک خوێندکاری چوارەم مامەڵە لەگەڵ نمە بێستون دەکەین، بەڵام ناتوانین لە ریزبەندی چوارەمی پەروەردەی گەرمیان دایبنێین و ئەوە بەدەست ئێمە نییە”.

لە ھەرێمی کوردستاندا حەوت قوتابخانەی نێودەوڵەتی سابیس ھەیە، راستەوخۆ گرێبستیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و پەیوەندیان بە پەروەردەی شارەکانەوە نییە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی