ئەو پۆلیسانەی لە گەنجە ئێزدییەکەیان دا دەستگیر کران

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، لە ناحیەی گرعوزێری سنووری قەزای بەعاج چەند پۆلیسێک دەردەکەون بەدار و شەق لە گەنجێک دەدەن، بە پێی زانیاریيەکانیش هێرشکەرەکان دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەحما خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی عێراق، بە 964ی وت، “ئەوانەی لە گەنجە ئێزدییەکە دەدەن، سێ پۆلیسی حکومەتی عێراقن، دوای بینینی رووداوەکە پەیوەندیم کرد بە فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا و داوامان کرد دەبێت ئەو پۆلیسانە سزا بدرێن”.

مەحما خەلیل ئەوەشی وت، فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو رووداوە پێکهێناوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە، ئێستا دوو پۆلیس و ئەفسەرێک سزا دراون.

رووداوەکە ئەمڕۆ بەیانی رۆژی چوارشەممە روویداوە، لەو کاتە بووە کە هاوڵاتیان لە سەرەی نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی بوونە، ئەو گەنجە دێتە دەرەوە و پرسیار دەکات لەناکاو هێرشی دەکرێتەسەر، ئەمەش بە پێی گێڕانەوەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی