تەندروستیان جێگیرە

دوو ژن لە کەلار و کفرى توشى کۆلێرا بوون

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى گەرمیان توشبوونى دوو هاوڵاتى سنوورەکەیان بە نەخۆشى کۆلێرا راگەیاند و دەشڵێت: تەندروستیان جێگیرە.

دکتۆر سیروان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى گەرمیان بە 964ـى وت، لەم هەفتەیەدا دوو حاڵەتى تۆمارکردنى نەخۆشى کۆلێرا لە نێو هاوڵاتیانى گەرمیان هەبووە کە دوو ژنن و خەڵکى کەلار و کفرین.

وەک باسى دەکات، نیشانەکانیان سکچوونى ئاسایى بووە و دواى پشکنین دەرکەوتووە هەڵگرى نەخۆشى کۆلێران، بەڵام تەندروستیان جێگیرە و لە ماڵەوەن.

بەڕێوەبەرى تەندروستى گەرمیان وێڕاى ئەوەى داوا لە هاوڵاتیانى سنوورەکەدەکات کە رێکارەکانی خۆپارێزیی بەباشیی جێبەجێ بکەن، وتیشى،”دوو تیمى تەندروستیمان رەوانەى ماڵى ئەو دوو کەسە کردووە و پشکنین بۆ ئەندامانى خێزانەکانیان و دراوسێکانیان دەکەن بۆ ئەوەى بزانین کەسى تر توشبووە یان سەرچاوەى توشبوونیان چییە و کوێیە”.

تەندروستى گەرمیانیش لە راگەیەنراوێکدا داواى کردووە کە لە رێگەى راگرتنی پاکوخاوێنی کەسیی، دڵنیابوونەوە لە پاکیی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان، خۆدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو، خۆیان لە توشبوون بە کۆلێرا بپارێزن.

داواش دەکات لەکاتی بوونی حاڵەتی سکچوونی توند، سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

بەپێى پێناسەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى، کۆلێرا نەخۆشییەکى بەهۆى بەکتریاى ڤایبریۆ کۆلێرا توشى مرۆڤ دەبێت، زۆربەی کات لە رێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و خۆراکی پیسەوە بڵاو دەبێتەوە.

خاسیەتى سەرەکى نەخۆشییەکەش ئەوەیە درمییە و بەخێرایى دەگوازرێتەوە بۆ خەڵک.

ئەوەى پێویستە لە بارەى کۆلێراوە بیزانیت ئێمە بە چەند خاڵێک پێتى دەڵێین:

کۆلێرا نەخۆشییەکی توندی سکچوونە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەرى گیانلەدەست دان زۆر بەهێز دەکات.

کۆلێرا نەخۆشییەکی هەژارییە کە تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە دەستیان بە ئاوی پاک و پاکوخاوێنی سەرەتایی ناگات، هەر بۆیە زیاتر لە ناوچە و وڵاتە هەژارەکان بەربڵاوە.

ململانێ و شارنشینی بێ پلان و گۆڕانکارى کەشوهەوا مەترسی تووشبوون بە کۆلێرا زیاد دەکەن.

تەندروستى جیهانى مەزەندەیان کردووە کە ساڵانە 1.3 بۆ 4.0 ملیۆن حاڵەتی کۆلێرا لە جیهاندا تۆمار دەکرێت و لەو ژمارەیە  21 هەزار بۆ 143 هەزار حاڵەت لە جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن.

حاڵەتە توندەکان پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە.

دابینکردنی ئاوی سەلامەت و پاکوخاوێنی سەرەتایی رێگرن لە تەشەنەکردنى.

نیشانەکان:

سکچوونێکى توند و هەندێ کەس نیشانەیان نییە یان لاوازە.

لە نێو ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی تووشبوونیان هەیە، زۆرینەیان نیشانەکانی سووک یان مامناوەندیان هەیە.

لە نێوان 12 کاتژمێر بۆ پێنج رۆژی دەوێت تا کەسێک نیشانەکانی دەربکەوێت.

کەمینەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان تووشی سکچوونی توند دەبن.

ئەمڕۆ هەشت حاڵەى کۆلێرا لە سلێمانى پشتڕاستکرانەوە، هەرچەندە پیشتر تەندروستى سلێمانى هۆشدارى دابوو.