داوای قەرەبووی سووتانی دەغڵ و دانەکانیان لە بەغدا دەکەن
964+
فەهمی نەبی
بە هۆی سووتانی بەرهەمی گەنمەکانیان جوتیارانی گوندی باریکە داواکاری قەرەبووکردنەوەیان گەیاندە نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن قەرەبوویان بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو جوتیارانەی لە گوندی باریکەی ناحیەی عەربەت کە لەماوەی رابردوودا نزیکەی 200 دۆنم دەغڵ و دانیان سوتابوو، سەردانی نوسینگەی پارێزگای سلێمانی یئەنجومەنی نوێنەرانیان کردووە، داوا دەکەن حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانەکانیان بۆ بکاتەوە.
جوتیارەکان هاوکات بەڕێوەبەری ناحیەیان لەگەڵ بووە، هۆکاری داواکاری قەرەبووکردنەوەیان دەگەڕێننەوە بۆ نزیکیی زەویەکانیان لە کەمپی ئاوارەکانی ئاشتی، لە نووسینگەی پەرلەمانی عێراق داواکاریان گەیاندووەتە هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، پارتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ.
مانگێک بەر لە ئێستا ئاگرێکی گەورە لە نزیک کەمپی ئاشتی ناحیەی عەربەت کەوتەوە و بە هۆیەوە نزیکەی 200 دۆنم گەنمی جوتیاران سووتان.