حكومەت و پەرلەمان لەسەر پارەی حانوتی قوتابخانەكان رێكناكەون
964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پارەی حانوتی قوتابخانەکانی سلێمانی دەچێتەوە هەولێر و وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، “یەك دینمارمان نەبردووەتەوە”.
رۆژی سێشەممە، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، “حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنانەت پارەی حانوتەكانی قوتابخانەكانی سلێمانیش دەباتەوە هەولێر و رێگەنادات بۆ سلێمانی خەرجبكرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە پەڕەی تایبەتی وەزارەت وەڵامی كاروان گەزنەیی داوەتەوە، “لامان باشە كاروان گەزنەیی بە زانیاری وردەوە قسە لەسەر حانوتەكانی مەكتەب بكات، چونكە زانیاریەكانی راست نین و یەك دیناری حانوتەكانی سلێمانی نایەتەوە هەولێر”.
لە روونكردنەوەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، نەك پارەی حانوتەكانی سلێمانی بەڵکو پارەی حانوتەكانی دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانیش نایەتەوە هەولێر و هەموو پەروەردەكان پارەكە بۆ خۆیان دەبێت و خەرجی دەكەن لە چالاكی هونەری و چالاكی وەرزشی و پێداویستییەكانی قوتابخانەكاندا.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە +964ی راگەیاند، “لە راستیدا رونكردنەوەكەی وەزارەت هیچ راست نییە و من بە بەڵگە دەتوانم بیسەلمێنم كە پارەی حانوتەكان دەچێتەوە هەولێر و ئەگەر پێویست بكات بەڵگەكان بڵاودەكەمەوە”.
ساڵانە گرتنی حانوتەكانی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەی زیادكردنی ئاشكرا دەدرێت بە هاوڵاتیان.
بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان داهاتی حانوتەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ی خوێندن، پێنج ملیار و ١٣٧ ملیۆن دینارە.