له‌ ماوه‌ى شه‌ش رۆژدا

نزیكه‌ى 700 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ ناوچە گەشتیارییەکان كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى شه‌ش‌ رۆژدا نزیکەی 700 هه‌زار گەشتیار و سەردانیکار روویان کردۆتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.

دەستەی گەشتوگوزار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت ئامادەکاری تەواوی کرد بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی شارستانیانە و هەموو هەوڵەکانی خۆیشی خستەگەڕ بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ گەشتیاران.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و بێ کەموکوڕی جێبەجێ کرا و هیچ رووداوێکی نەخوزار رووینەدا.

رێکەوتی ئه‌و شه‌ش رۆژه‌ى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم بۆ هاتنى ئه‌و گه‌شتیارانه‌ دایناوه‌، بریتییه‌ له‌ 26.6.2023 تاكو 1.7.2023.

ئه‌و ژماره‌ گه‌شتیارانه‌ى تۆمار کراون، پێکدێن لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باشوور و ناوەڕاستی عێراق و هەروەها دەرەوەی عێراق.