لە یەک ساڵدا؛ زیاتر لە شەش هەزار مێرمنداڵ هاوسەرگیریان کردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
لە هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش هەزار هاوسەرگیری لەنێوان ئەو کەسانە ئەنجامدراوە کە تەمەنی کچەکە یان کوڕەکە لە خوار ١٨ ساڵ بووە، ئەمە بەپێی ئاماری رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
رۆژی سێشەممە رێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا (IOL)، کۆنفرانسێکی بە هاوکاری سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە هەولێر رێکخست و لە ئامارێکدا وتی، ساڵی رابردوو ١٢٪ی هاوسەرگیرییەکان لە هەرێمی کوردستان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بوون.
ساڵی رابردوو ٥٤ هەزار و ٨٣٦ هاوسەرگیری ئەنجامدراون و لەو ژمارەیە شەش هەزار و ٤٨٣ هاوسەرگیرییان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بوون.
ئامارەکانی رێکخراوی IOL پشتی بە داتای دادگاکان بەستووە، رێکخراوەکە دەڵێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر ساڵی رابردوو ١٨ هەزار و ٩٦٣ گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدراون کە دوو هەزار ٨٤٤ گرێبەستیان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بوون.
زۆرترین هاوسەرگیری خوار ١٨ ساڵ لە هەولێر بووە، کە رێژەکەی ١٥٪ بووە لەکۆی هەموو ئەو هاوسەرگیرییانەی لە پارێزگاکە ئەنجامدراون.
پارێزگای دهۆکیش بە پلەی دووەم دێت و لەکۆی ١٣ هەزار و ٤٤١ هاوسەرگیری، یەک هەزار و ٩٠٣ هاوسەرگیریان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بوون.
بەپێی ئاماری دادگاکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە کۆی دوو هەزار و ٢٨٥ هاوسەرگیری، ٢٢٢ کچ یان کوڕی خوار ١٨ ساڵ هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی کەمترین هاوسەرگیری خوار ١٨ ساڵ ئەنجامدراوە و لەکۆی ٢٠ هەزار و ١٤٧ هاوسەرگیری، یەک هەزار و ٥٧١یان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بوون.