دوو ژن كوژراون لە ماوەی دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرانبەریان

964+
كوردستان ئەحمە – هەولێر

بە تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوو، دوو ژن کوژراون لە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئەو ماوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریکراوە.

فێنك شەفیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، ئەو زانیارییەی بە 964+ راگەیاند.

گفتوگۆ لەگەڵ فێنك شەفیق

 ئەو وتی، هەر لەو دوو هەفتەیەدا، ٦٥ حاڵەتی پەنابردنی ژنان هەبووە بۆ شێڵتەرەکان، لە ماوەی یەک ساڵی رابردووشدا، ٢٤ ژن کوژراون، کە بۆ هەر مانگێک دوو کەس دەکات.

رۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان، دوو هەفتە بۆ چالاکی و هۆشیارکردنەوە دانرا.

بە قسەی ئەو بەرپرسە، توندوتیژییەكان لە كوردستاندا دژی ژنان كەمینەكردووە، بەڵام گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە، “جاران ژن لە بری ژن دەدرا و گەورە بە بچوك دەكرا، ئێستا توندوتیژییەكان گۆڕاون بۆ كێشەی كۆمەڵایەتی و جیابوونەوە و هەڕەشەکردن لە رێگەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی”.

لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان شێڵتەری تایبەت بە ژنان هەیە، کە دەتوانن لە کاتی هەبوونی هەڕەشە لەسەر ژیانیان پەنای بۆ بەرن.

فێنک شەفیق دەڵێت، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، ٤٦٠ حاڵەتی پەنابردنی ژنانیان تۆمارکردووە بۆ شێڵتەرەکان، بەڵام نەیشاردەوە کە ئەو شێڵتەرانە گرفتیان زۆرە، لەوانە نەبوونی بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنیان.

964+ دەزانێت، بەشێک لەوانە حاڵەتی منداڵبوونی ژنەکان بووە کە پەنایان بردووەتە بەر شێڵتەرەکان.

لەوبارەیەوە، ژیار مستەفا، بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی بۆ 964+ی باسکرد، بە تەنیا لە شێڵتەرەکانی پارێزگای سلێمانی ٥٧ حاڵەتی منداڵبوون هەبووە، کە ٤٧یان چارەسەرکراون و شەشیان هێشتا لە شێڵتەرەکان ماونەتەوە.

گفتوگۆ لەگەڵ ژیار جەلال