سوور و تەڕ و پڕ ئاوە

نۆبەرەی بەڵاڵوك لە رۆژهەڵات رنرایەوە

964+
كوردستان ئەحمەد

لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵاڵوك و گێلاس و هەرمێ و هەڵوژە پێگەیشتووە، بەشێك لە جوتیارەكان لە بۆكان دەستیان بە رنینەوە كرد.

بەڵاڵوكەكە سێ جۆری هەیە بچوك و گەورە و مامناوەند، رەنگێكی مەیلەو سوورێكی پەمەیی هەیە.

بەدارەكەوە بە هێشووی گەورە گەورە گرتوویەتی، جوتیارەكان لە میراوای بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان بە رنینەوە كردووە، كۆیدەكەنەوە و دەیكەنە ناو سەبەتەی گەورە و رەوانەی شارە گەورەكانی دەكەن.

یەكێك لە كرێكارەكان قسە بۆ كامێرای 964 دەكات و دەڵێت، ئەمساڵ بەڵاڵوكەكە تامێكی مزر و خۆشی هەیە، رەنگەكەی ئاڵ و جوانە، نەخۆشی لێی نەداوە و دەنكەكانی گەورە و جوانن.

لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا ساڵانە هەزاران تۆن بەڵاڵوك بەرهەم دەهێنرێت و رەوانەی شارەكانی  دیكەی ئێران و كوردستان دەكرێت.

بەڵاڵوك میوەیەكی هاوینەیە، پڕئاو و تەڕە، هەندێك كەس وەك میوەی رۆژانە دەیخۆن و هەندێك كەسی دیكەش وەك مرەبا بەكاری دەهێنن، مرەباكەی بە گوێرەی زانیاری لایەنە پزیشکییەکان، بۆ چارەسەری هەوكردنی ریخۆڵە و گەدە و قورگ یەكاویەكە.