زیاتر له‌ 140 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، تەنیا لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا، نزیكەی 144 هەزار گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق سەردانی شاری هەولێریان كردووه‌.

دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، بە راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راگەیاندووە: تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، نزیكەی 144 هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كردووە، كە ئەو ژمارەیە پێكهاتووە لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و تەنانەت گەشتیاری وڵاتانی دیكەشی تێدایە.

سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، دلێر محه‌مه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، “ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بە نزیكەی یەك لەسەر سێ زیادی كردووە، ئەمەش بۆ ئەو پلانە دەگەڕێتەوە كە سەبارەت بە گەشتوگوزار گیراوەتەبەر.

به‌ پێی لێدوانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌، 1350 مۆڵەتی گه‌شتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێردا هەیە.

ئه‌م جه‌ژنه‌ به‌ گشتی له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی گه‌شتیاران زۆر زیاد بووه‌ و سه‌ردانی شار و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان كردووه‌، زۆرینه‌شیان گه‌شتیاری عه‌ره‌بی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقن.