ئەمساڵ رێژەی قوربانی لە هەولێر کەمی کردووە
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
بەراورد بە پارساڵ ئەمساڵ لە کوشتارگەی هەولێر ئاژەڵ کەمتر سەربڕدراوە ،61 هەزار کیلۆ گۆشت کەمتر بووە.
لە چوار رۆژی جەژنی قوربان 513 ئاژەڵی گەورەی وەک رەشەوڵاخ ، 1359 ئاژەڵی بچووک وەک مەڕ و بزن سەربڕدراون ، دواتر 118هەزار کیلۆ گۆشت رادەستی هاوڵاتیان کراونەتەوە ، 2026 کیلۆ گۆشت لە پشکنین دەرنەچووە و رەتکراوەتەوە، بەڵام رێژەکە کەمیکردووە .
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەوچەرخی هەولێر بە 964ـی وت، ئەمساڵ هاوڵاتیان بۆ قوربانیکردن زیاتر روویان کردووەتە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، هۆکاری کەمی قوربانیکردنیش ، بۆ نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەگەڕێتەوە، کە کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر گرانبوونی نرخی ئاژەڵ، کە نزیکەی 25% زیادی کردووە.
ساڵی رابردوو 3475 ئاژەڵ سەربڕدراوە ، 623 ئاژەڵی گەورەی وەک رەشەوڵاغ بووە، 2852 ئاژەڵی بچووکی وەک مەڕ و بزن بووە، 3432 کیلۆ گۆشت رەتکراونەتەوە، هەر بڕە گۆشتێک لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لە پشکنین دەرنەچێت و رەتبکرێتەوە، لە سووتێنەری ناو کوشتارگەکە دەسووتێنرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی