باسی 100 ملیۆن دۆلار دەکرا

بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی: تەنیا 10 ملیۆن دۆلار براوە

964
دیلان محەمەد جەزا

پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوە عەلی حەمەساڵح دەنگۆی بردنی 100 ملیۆن دۆلاری بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بڵاوکردەوە، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، 100 ملیۆن نییە و 10 ملیۆن دۆلارە.
ماوەی نزیکەی دوو مانگە کەسێک نزیکەی 10 ملیۆن دۆلاری لە چەند کەسێکی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی وەرگرتووە بە ناوی هاوپشکییەوە، ئەمە بە قسەی وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە.
بە تەنیا ئەو بڕە پارەیە لە بازاڕی دۆلارەکە نییە، کەسی دەرەوەی بازاڕەکەش پارەیان بەو کەسە داوە، پێی وتون هاوپشکتان دەکەم لە کامێراکانی پۆینت تو پۆینت.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، بە تۆڕی 964 راگەیاند، بە پێی ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ کردووە ئەو کەسە پەیوەندی بە کۆمپانیای کامێراکانی پۆینت تو پۆینتەوە نییە، تەنیا بۆ کۆکردنەوەی پارە لە ژێر ناوی ئەو کۆمپانیایە پارەکانی وەرگرتووە.

لەسەر ئەم بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر خاوەنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت، ئەوان رایانگەیاند، دوور و نزیک ئاگاداری ئەو بابەتە نین و هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمپانیاکەیانەوە نییە.
لەسەر ئەم بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە عەلی حەمە ساڵحەوە، بەڵام ژمارە تەلەفۆنەکانی داخرا بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا