یانەی نەورۆز دوا ئامادەکارییەکانی بۆ روبەروبونەوەی نەفت ئەنجامدا. وێنە: سۆشیال میدیا
نەورۆز دەیەوێ سبەی نەفت بسوتێنێت
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی نەورۆز لە دووەم رۆژی جەژی قوربان، دوا ئامادەکارییەکانی بۆ رووبەڕووبونەوەی یانەی نەفت ئەنجام دا و چاویشی لە سێ خاڵی یارییەکەیە.
دواین مەشق و راهێنانی یانەی نەورۆز لە یاریگای زانکۆ بوو، ئەوان تەواو ئامادەن بۆ یاریەکەی سبەی لەگەڵ یانەی نەفت.
جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری یانەی نەورۆز بە 964 ـی راگەیاند، “تیپەکەمان تەنیا یەکەم رۆژی جەژن پشوویان وەرگرتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەموو یاریزانەکانمان لە مەشق و راهێنانەکان ئامادەبوون”.
وتیشی، هەموو یاریزانەکانمان ئامادەن جگە لە محەمەد دلاوەر، کە سێ کارتی زەردی هەیە و ناتوانێت یاریی بکات.
بڕیارە رۆژی هەینی، کاتژمێر 5:00ی ئێوارە و لەسەر یاریگەی سلێمانی، یانەی نەورۆز میوانداریی یانەی نەفت بکات، کە یەکێکە لە یارییەکانی گەری 34 ـی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەکانی عێراق.
یانەی نەورۆز بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ پلەی 10 ـی ریزبەندی خولەکەی گرتووە و یانەی نەفتیش بە 31 خاڵ لە پلەی 18 ریزبەندیدایە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی