دوو هەفتەیە بۆریەکی ئاو کون بووە و کەس ناچێت بەلایەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

دوو هەفتەیە بۆڕیەکی ئاو لە نێوان دوکان بۆ سلێمانی کون بووە و چاکنەکراوەتەوە.

ئەو بۆریەی کون بووە، دەکەوێتە نزیک پردی شۆڕش لە ناحیەی شۆڕش، پێیدەوترێت بۆری دووی نێوان دوکان بۆ سلێمانی.

بە گوێرەی زانیارییەکانی 964، تا ئێستا ئەو بۆریە 38 جار کون بووە و چاککراوەتەوە، تێچووی چاککردنەوەکانی نزیکەی 10 ملیۆن دینار بووە.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بە 964ی وت، بۆری دووی دوکان – سلێمانی، تا دەربەندی بازیان 48 ئینجە، بەڵام لە دەربەندی بازیانەوە تا  چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەبێتە 36 ئینج.

سەرچاوەکەی فەرمانگەی ئاو باسی لەوە کرد، “بۆرییەکە لە ساڵی 1988 دروستکراوە و کاتی گۆرینی هاتووە، هەرچەندە وا بڕیارە حەوت کیلۆ مەتری بگۆردرێت و دەرخستەی بۆ کراوە و لەسەر داهاتی پارێزگای سلێمانی دەبێت، بەڵام گۆڕینی بۆڕیەکە تێچویەکی زۆری دەبێت”.

چەند ساڵێکە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ، کێشەی کەمئاویان هەیە، بەجۆرێکە هەفتەی یەکجار دوو کاتژمێر ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات، ئەمەش بە گوێرەی وتەی هەوڵاتیانی چەمچەماڵ.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی