هەولێر.. زێدەڕۆیی بەردەم پارک و باخچەکان لاده‌برێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکان ده‌ستى به‌ دوو هه‌ڵمه‌ت كردووه‌ بۆ لادانى زێده‌ڕۆییه‌كان، یه‌كه‌میان له‌ به‌رده‌م پاركه‌ گشتییه‌كان و دووه‌میشیان ئه‌و زه‌ویانه‌ى به‌ره‌گه‌ز سه‌وزایین و خه‌ڵكی زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركردووه‌.

هه‌ڵمه‌تى لادانى زێده‌ڕۆیی سه‌ر سه‌وزاییه‌كان پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامه ‌و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ده‌ستى پێكراوه‌، هه‌ڵمه‌تى به‌رده‌م پاركه‌كانیش له‌دوێنێوه‌ ده‌ستی پێكردووه‌.

رێبین ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌ندازه‌ى پارك و باخچه‌كانى هه‌ولێر، به‌ 964ـى راگه‌یاند، سه‌رپێچیه‌كى زۆرى خه‌ڵك كراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ ره‌گه‌زیان سه‌وزاییه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان.

وتیشی “رێگه‌ به‌ خه‌ڵك دراوه‌ ته‌نیا دار و فریز له‌و زه‌ویانه‌ بچێنن، به‌ڵام به‌شێكى زۆریان سه‌رپێچیان كردووه‌”.

له‌و سه‌رپێچیانه‌ى رێبین ئه‌حمه‌د باسی ده‌كات، بریتین له‌ دروستكردنى سیاج و شوێنى په‌له‌وه‌ر و كۆگا و هه‌شیانه‌ ژوورى له‌سه‌ر دروستكردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵمه‌تى ئێستاشیان بۆ لادانى زێده‌ڕۆیی به‌رده‌م پاركه‌كان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ژماره‌یه‌كی زۆرى ده‌ستگێڕ به‌شێوازێكی ناشارستانى به‌رده‌م پاركه‌ گشتیه‌كانیان گرتووه‌، وتیشی “تا ئێستا چه‌ندین حاڵه‌تى سه‌رپێچیكردنى ئه‌و ده‌ستگیڕانه‌ لادراون‌”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت.