دیمەنی هاوینەهەواری بێخاڵ _ وێنە: دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
گەشتوگوزاری هەولێر پێشبینی هاتنی 100 هەزار گەشتیار لە رۆژانی جەژن دەکات
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان دەیان هەزار گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتیاری هەولێریش پێشبینی هاتنی 100 هەزار گەشتیار دەکات.
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر قسەی بۆ 964ـی وت، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا ملیۆنێک و 85 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە کە 70%ـی گەشتیاری خوار و ناوەڕاستی عێراق بوون.
ئاماژە بەوەشدا، تیمەکانیان بۆ رۆژانی جەژن لە بازگەکان بە پێدانی رێنمایی وەک رێبەر لەگەڵ گەشتیاران دەبن، لەناو شاری هەولێر تیمەکانیان دابەشبوون بەسەر بنکە گەشتیاریەکان.
دەشڵێت: سەردانی میوانخانە و چێشتخانەکان دەکەن بۆ چاودێریکردن و بەهاناوەچوون، لەهەر حاڵەتێک گەر رووبدات لە شەو و رۆژدا ئێشکگرن دەبن.
لە هەولێر، 278 هۆتێلی گەشتیاری هەیە، 87 مۆتێل مۆڵەتی گەشتوگوزاری هەولێریان پێدراوە کە لە شەوێکدا 132 هەزار گەشتیار دەتوانن تێیاندا بخەون.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق