دیمەنی دوکانی زەرەنگەری. وێنە:964
زەڕەنگەرانی کەلار لە بڕیارێکی شارەوانی نیگەرانن
964+
هونەر فارس – کەلار
شارەوانی کەلار بازاڕی زەڕەنگەرانی کەلار دەخاتە مەزایەدەوە و زەڕەنگەرانیش دژی ئەو بڕیارەن.
بازاڕەکە لە 23 دوکانی زەڕەنگەر و فڕنێک و چەند دوکانێکی نەجاڕی پێکدێت و بڕیارە سبەینێ کاتژمێر 10:00ـی بەیانی شارەوانی بۆ دووەم جار لە زیادکردنێکی ئاشکرادا زەویەکە بۆ ماوەی 24 ساڵ بەکرێ بدات.
بە گوێرەی ئەو بانگەوازەی کە شارەوانی کەلار بڵاویکردووەتەوە، زەویەکە دەکرێتە باڵەخانەیەکی بازرگانی بۆ کاری زەڕەنگەری و ئەو کەسەی لەزیادکردنەکەدا براوە دەبێت بۆ ماوەی 24 ساڵ دەبێت بە خاوەنی باڵەخانەکە.
964 بەدواداچونی بۆ نیگەرانی ئەو زەڕەنگەرانە کرد، ئەوان نیگەرانن لەوەی چەند ساڵە لەو جێگەیەدا کار دەکەن و لە ئێستادا نازانن دەبێت بۆکوێی بگوازنەوە و چارەنوسی کارەکەیان چی لێدێت.
یەکێک لە زەڕەنگەرەکان بە 964ـی وت، “ئێمە ساڵانە بۆ هەر مەترێک 700 هەزار دینارمان لێ وەردەگیرێت، هەیە دوکانەکەی زۆر گەورە نییە شەش ملیۆن و هەشە زیاد لە 10 ملیۆن کرێی دوکانەکەیەتی”.
بە وتەی ئەو زەڕەنگەرە، خۆیان داوایان کردووە بۆ ئەوەی بە هەمان نرخ دوکانەکانیان پێ بدرێتەوە لە کاتی تەواو بونی باڵەخانەکەدا، بەڵام تائێستا لایان رون نیە ئایا دەتوانن لە داهاتوودا دوکانەکان وەر بگرنەوە یاخود نا.
جێگەی ئاماژەیە، زیاد لە 40 ساڵە زەڕەنگەرەکان لە نێو بازاڕی قەزاکەدا سەرقاڵی کارکردنن و دیار نیە لە کاتی دروستکردنی باڵەخانەکە دەگوازرێنەوە بۆ چی جێگەیەک.
پێداچوونەوە: توانا نەقی