قەل لە دهۆک و هەولێر هەرزانترە
لە سلێمانی یەک کیلۆ قەل شەش هەزاری چووەتەسەر
هەر كیلۆیەك شەش هەزار دیناری چوەتەسەر
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
نرخی یەك كیلۆ قەل لە بازاڕی سلێمانی لە 17 هەزار دینارەوە بۆ 23 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
هەرچەندە قەل خواردنێكە، زیاتر لە وەرزی زستاندا خواستی لەسەرە، بەڵام لە بۆنە و جەژنەكانیشدا خواست لەسەری زیاد دەکاتەوە.
ئارام فایەق، فرۆشیاری قەلە لە بازاڕی سلێمانی، ئەو دەڵێت، زستان باشترین جۆری قەلی فرۆشتووە كیلۆی بە 17 هەزار دینار، بەڵام چەند رۆژێكە نرخەكەی زۆر بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 23 هەزار دینار و ئەگەری هەیە زیاتریش ببێت.
ئێستا لە سلێمانی یەك كیلۆ گۆشتی قەل بە 23 هەزار دینارە
سێ هۆكار هەیە بۆ ئەوەی نرخی قەل زیادی كردبێت، یەكەم كەمی قەلە لە بازاڕدا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە خەڵک رەنگە کەمتر گۆشتی ئاژەڵ بکڕێت، هەروەها هاتنی جەژنی قوربان هۆكاری سەرەكی گرانبوونی نرخی قەلە، ئارام فایەق وای وت.
قەل یەکێکە لەو پەلەوەرانەی لە سەرجەم وەرزەکاندا گۆشتەکەی دەخورێت، بەڵام لە وەرزە گەرمەکاندا خواست لەسەری کەمدەبێتەوە.
سۆران غەفور، بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە 964ی وت، ئێمە ناتوانین چاودێری نرخی قەل بكەین، لەبەرئەوەی ژمارەی زۆر نییە و هەروەها هاوڵاتی خۆی بەخێوی دەكات و لە كێڵگەدا پەروەردە ناكرێن بۆیە هاوڵاتی خۆی ئازادە چەند نرخ لەسەر قەلەكە دادەنێت.
لە هەولێر كیلۆیەك قەل بە 17و لە دهۆكیش بە 13 هەزار دینارە
لە هەندێك شوێنی كوردستان قەل بە كیلۆ نافرۆشرێت بەڵكو بە شكڵ و قەبارە دەفرۆشرێت و قەلی سوور نرخەكەی جیاوازە لە قەلی رەش، قەلی نێر جیاوازە لە قەلی مێ، ئەم جۆرە مامەڵەیە زیاتر لە قەزا و ناحیە و گوندەكاندا هەیە.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد