ئەوەی تەرەقەش بتەقێنێ دەستگیر دەکرێت
لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ 3 کەس لە هەولێر دەستگیرکران
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
لە هەولێر لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ سێ کەس دەستگیرکراوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر چەندین بڕیار و رێکاری نوێ دەگرێتەبەر.
لە رێکارەکاندا هاتووە هەرکەسێک لەسەر شەقامەکان ئاژەڵ سەرببڕێت ئەوا دەستگیردەکرێت، قایمقامی هەولێریش ئاشکرایکرد کە سێ کەس بە بڕیاری دادوەر لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ لە رۆژانی رابردوودا دەستگیرکراون و لیژنەکانی شارەوانيش هەموو ئەو کەسانە سزادەدات، کە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵەکەی فڕێبدات.
جگە لە پرسی سەربڕینی ئاژەڵ، بڕیاری ئەوەشدراوە لەم جەژنەدا نەک تەنیا فرۆشیار بەڵکو بەکارهێنی یارییە ئاگرینەکان و تەرەقەش سزا دەدرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە 964ـی وت: لە چەندین جەژنی رابردوو بەشێکی زۆری منداڵان لەناو کۆلانەکاندا خەڵکیان بە یارییە ئاگرینەکان بێزار دەکرد، بۆ ئەم جەژنە فرۆشیاران و تەنانەت بەکارهێنەرانی ئەمجۆرە یارییانەش سزادەدرێن.
ئامادەکاری تەواو بۆ رۆژانی جەژن کراوە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بێتە هەولێر لیژنەکانی چاودێری بازار بەوردی چاودێری بازاردەکەن، لە ئەگەری قۆرخکردن و گرانکردنی کەلوپەلەکانی تایبەت بە جەژن.