گواستنەوەی ئاژەڵ له‌شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر قەدەغە كرا

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گواستنەوەی ئاژەڵان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە قەدەغەكراوە و نابێ لە مەیدانی ئاژەڵان و کۆڵانەکان سەریان ببڕن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئه‌مڕۆ 21.6.2023 رێكارەكانی بۆ بەرگرتن لە سەرهەڵدانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون خستەڕوو.

لیژنەكه‌ دەڵێت: بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ بازگەکانی ئاگادارکردووەتەوە، گواستنەوەی ئاژەڵان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە قەدەغەیە، جگە لەو حاڵەتانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری شار و شارۆچکەکان رێپدانیان پێدەدرێت.

بەگوێرەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە تای خوێنبەربوون، نابێ لە مەیدانی ئاژەڵان و کۆڵانەکان سەری ئاژەڵان ببڕین، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادارکردووەتەوە کە رێکاری توند دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە بیانەوێت لە شوێنە نافەرمییەکان ئاژەڵ بفرۆشن یان سەر ببڕن.