48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەک کرانەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی ناوخۆ کردنەوەی 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی راگەیاند و دەڵێت، تا 21ی تەموزی 2023 چەکەکانتان تۆماربکەن.

بەم 48 بنکە نوێیەوە، ژمارەی هەموو بنکەکانی تۆمارکردنی چەک لە هەرێمی کوردستان دەبێتە 90 دانە.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لەگەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکات ئەگەر پێویستی بێت.

ئەو کەسانەی چەکەکانیان تۆماردەکەن، دەشتوانن لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک، کە لە ئایندەدا دەکرێنەوە، چەکەکانیان بفرۆشن، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

ئەو کەسەی دوای ئەو رێکەوتەی دایانناوە، چەکەکەی تۆمار نەکات، بە گوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 15 لە یاسای چەک سزادەدرێت.

مادەکە بە شێوازێکە، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، چەکی ئاگرین هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکی بکاتەوە یان دەستاودەستی پێوەبکات، ئەوا سزاکەی بەندکردنە بۆ ماوەیەک، کە لە یەک ساڵ کەمتر نییە و لە سێ ساڵ زیاتر نییە.

هەروەها سزاکە پێبژاردنیشی تێدایە، بە جۆرێک دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.