964 بەکارهێنانی دەرمانی رەنگ سوور بۆ شووتی شارەزوور ساغ دەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
گومانی خەڵک لەسەر بەکارهێنانی دەرمان و هۆڕمۆنات بۆ پێگەیاندنی بەشێک لە شووتی شارەزوور زیادی کردووە، کشتوکاڵی شارەزووریش دەڵێت: جوتیار هەیە شەش هێندەی خۆی دەرمان دەڕشێنێت.
بەکارهێنانی دەرمان و هۆڕمۆن بۆ پێگەیاندنی شووتی لەلایەن بەشێک لە جوتیارانی دەڤەری شارەزوو، بە قسەی شارەزایان بێت کاریگەری لەسەر ناوەوەی شووتییەکە دروست دەکات و رەنگێکی سووری نا سروشتی پێدەدات.
شووتی شارەزوو، لە هەریەک لە ناوچەکانی، قاینجە، نەوێ، بەردەبەل و سەراو زۆرتر بەرهەمدێت و رەنگی سوورێکی پەمەییە و تامی شیرینە، ئەمەش وایکردووە یەکێک بێت لە بەناوبانگترین جۆری شووتی کوردستان و خواستێکی زۆری لەسەر هەیە، بەڵام زیاد بەکارهێنانی دەرمان وای لە هەندێک فرۆشیاری شووتی لە سلێمانی کردووە کە بە کڕیارەکانی بڵێت “شووتییەکەم بێ دەرمانە”.
پشتیوان ئەحمەد، یەکێکە لە فرۆشیارەکان و لەناو بازاڕی سەیدسادق شووتی شارەزووری دەفرۆشت بە 964ی وت، “خەڵک لەوە ترساوە دەرمان بەکاردەهێنرێت، ئەوەش فرۆشی شووتی شارەزووری کەم کردووە”.
ئەو فرۆشیارە نەیشاردەوە کە دەرمان بەکاردێت، بەڵام ئەوە رێژەییە و هەندێک جوتیار هەر بەکاری ناهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە پزیشکان پێیانوایە بەکارهێنانی بڕێکی کەم سەماد گەرەنتی شووتییەکی تەندروست و تامخۆش دەکات، نەک بەکارهێنانی هۆڕمۆناتی زیاد لە پێویست کە لێکەوتەی تەندروستی لەسەر بەکارهێنەرەکەی دەبێت.
پزیشکێکی پسپۆری خۆراک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ی وت، “ئەو شووتیەی بە سروشتی بەرهەم دێت، شووتیەکی زبرە و لە ناوەوەش ناوەڕاستی شووتیەکە تێک ناچێت، بە پێچەوانەی ئەوانەی هۆرمۆناتی زۆریان پێ دەدرێ و سوورییەکی نا تەبیعیان هەیە”.
ئەو پزیشکە کە لێکۆڵینەوەی کردووە لە جینات و پێکهاتەی شوتیەکانی شارەزوور، باسیلەوەکرد، “لەم گومانەدا تەڕ و وشک پێکەوە سووتان، رەنگە هەر تەنیا 60%ـی شووتیەکان زیاد لە پێویست دەرمانی تێدا بەکارهێنرا بێت، لە کاتێکدا شووتی سروشتی و تەندروستیشی تێدایە”
فەرەیدون حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بۆ 964 هۆکارەکەی بە دوو لایەنە وەسفکرد.
ئەو دەڵێت: بەشێک لەو جوتیارانەی شووتی بەرهەمدەهێنن سەرپەرشتیاری زانستیان نییە و هۆشیارییان کەمە، بۆیە بڕێکی زیاتری دەرمان بەکاردەهێنن، هاوکات بەشێک لە نوسینگەکانی پێدانی دەرمانی کشتوکاڵی دەیانەوێت زۆرترین بڕی دەرمان ساغبکەنەوە بۆیە هانی جوتیارەکان دەدەن بڕی زۆری پێدا بکەن.
زیاتر وتیشی “جوتیار هەبووە لە فەرمانگەکەی ئێمە دەرمانی وەرگرتووە، لە دەرەوە پێی وتراوە شەش قات دەرمانی پێوە بکە”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق