39 روفاتی ئێزیدییەکان رادەستی کەسوکاریان کرانەوە
964+
فەرمان سادق
لە شنگال 39 روفاتی ئێزیدییەکان دۆزانەوە و بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی هەموویان لەساڵی 2014 کوژراون.
ئەو روفاتانەی دۆزراونەتەوە هەموویان لە یەک شوێن نەبوون، بەڵکو لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی دەڤەری شنگال بوون و دوای پشکنینی پزیشکی دادی ئەوە سەلمێنراوە کە هەموویان لە ساڵی 2014 کوژراون کە رێکخراوی داعش هێرشی کردەسەر ئەو دەڤەرە.
لەو 39 روفاتە تەنیا هەشتیان رەگەزیان مێ بووە و ئەوانی تر هەموویان لە رەگەزی نێر بوون.
بە دۆزینەوەی ئەو 39 روفاتە، ژمارەی روفاتە دۆزراوەکانی ئێزیدی گەیشتە 201 روفات.
تاوەکو ئێستا لە کۆی 92 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان کە دەستنیشانکراون، 43 گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، هاوکات سەرووی 500 روفاتیش لە پزیشکی دادی بەغدایە کە هێشتا پشکنینی (DNA)ـەیان بۆ نەکراوە.
جێی بیرخستەنەوەیە کە رێکخراوی داعش لە 3.8.2014 هێرشی کردەسەر دەڤەری ئێزیدییەکان، بەهۆیەوە سەدان هەزار خەڵکی دەڤەرەکە ئاوارەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
عەلی خەیری، بەرپرسی رێکخراوی پەتریکور لە شنگال بە 964ـی وت، روفاتەکان لە شوێنی جیاواز دۆزاونەتەوە و تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کرا، ئەمڕۆ سێشەممە تەرمەکان گەیشتنەوە شنگال.
دەشڵێت: هەموویان بەیەکەوە لە گۆڕستانێک نانێژرێن، بەڵکو رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و ئەوانیش لە گۆڕستانی گوندەکەی خۆیان دەیاننێژن.