لەبەرامبەر دانانی چەند بورجێک

کۆمپانیایەک 23 کیلۆمەتری شەقامی نێوان عەربەت – سەیدسادق سەوز دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کۆمپانیای فاست لینک، 23 کیلۆمەتر لە بلواری شەقامی نێوان عەربەت – سەیدسادق بە دار و گژوگیا سەوز دەکات و بۆ هەمیشە بەخێوکردنی ئەو رووبەرە سەوزاییەی پێدەسپێردرێت.

فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى، رۆژی دووشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، سەوزکردنی ئەو 23 کیلۆمەترە بەشێکە لە پرۆژەی “لەبری سەوزکردن”.

لە هەرێمی کوردستان خاوەن پرۆژەکان پابەند دەکرێن بە سەوزکردنی نزیکەی سەدا 20ـی زەوییەکانیان، ئەگەر لەنێو پرۆژەکانی خۆیان پابەند نەبن، ئەوا دەبێت لە شوێنی دیکە ئەو بڕە لە سەوزایی بڕوێنن و ئەمە پێیدەوترێت پرۆژەی “لەبری سەوزکردن”.

کۆمپانیای فاستلینک رۆژی دووشەممە لەگەڵ فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى کۆبووەتەوە و داوای رەزامەندی کردووە بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بورج لە سلێمانی.

مەرجی فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى بۆ فاست لینک ئەوە بووە کە دەبێت 23 کیلۆمەتر لە بلواری شەقامی نێوان عەربەت – سەیدسادق سەوز بکات.

“ئیدارەدانی ئەو رووبەرە سەوزاییە بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیای ناوبراو”، فەرمانگی ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.