پاڵەوانیەتییەکە لە جەزائیرە
کاراتێی عێراق لە ئێرانەوە خۆیان بۆ پاڵەوانیەتی عەرەبی ئامادە دەکەن
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
کاراتێی عێراق بە پێکهاتەیەکی کوردەوە لە ئێرانەوە ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات و یاری دۆستانەشیان ئەنجامداوە.
پاڵەوانیەتیی کاراتێی وڵاتانی عەرەبی، بڕیارە لە 18 تاوەکو 26ـی مانگی داهاتوو لە وڵاتی جەزائیر دەستیپێ بکات.
هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق بە هەشت یاریزانی کورد و راهێنەرێکی کوردەوە ئامادەکاری بۆ ئەو پاڵەوانێتییە دەکات و ئێستا لە ئێران بۆ ئەنجامدانی کەمپی مەشق و راهێنان.
هەر لە ئێران، هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق یاری دۆستانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی کاراتێی ئێران ئەنجامداوە و بەهۆی پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی خەڵات کرا.
شڤان عوسمان، کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ماوەی سێ رۆژە لە ئێران مەشقەکانمان چڕ کردۆتەوە و ئامادەکارییەکان زۆر باشە و یاریزانان بەباشی راهێنانەکان دەکەن.
وتیشی “ئەنجامی یارییە دۆستانەکەمان دڵخۆشکەربوون، دوای رکابەرییەکانیش لەسەر ئەو ئاستە بەرزەی کە پێشکەشی کردووە، لەلایەن بەرپرسانی شاری کەرەجەوە خەڵاتکراین”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق