بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر وا دەڵێت
لە سنووری قەزای شەقڵاوە هیچ کوشتارگەیەکی فەرمی نییە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوبەری ناحیەی هەریر دەڵێت، لە قەزای شەقڵاوە و ناحیەکانی هیچ کوشتارگەیەک نییە، جگە لەوە لە هەرێمی کوردستان هیچ رێنماییەکی تایبەت بە کوشتارگە بوونی نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، شێروان جەلال بەگ، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لە سنووری شەقڵاوە هیچ کوشتارگەیەکی فەرمی نییە، ئەوەی هەیە لە هەریر کەسێک لەسەر ئەرکی خۆی شوێنێکی کردوەتەوە، ناچارین مامەڵەی لەگەڵ بکەین، بەڵام مەرجی تەندروستی تێدا نییە”.
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر ئەوەشی وت، “ئەمڕۆ سەردانی ئەو شوێنەمکردووە، ماوەی یەک هەفتە مۆڵەتمان پێداوە، دەبێت چاکی بکات”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، بڕیاری دروستکردنی کوشتارگەیەکی مۆدێرن بۆ شەقڵاوە دەرچووە، شوێنەکەی دەکەوێتە گوندی شیناوە لە ناحیەی باسرمە و بڕیارە لە نزیکترین ماوە دروست بکرێت.
لەبارەی دروستکردنی کوشتارگەکە، شێروان جەلال بەگ دەڵێت، “دروستکردنی کوشتارگەکە لە قۆناغی مامەڵەکردنداییە، بەڵام رۆتینیاتی زۆری تێدایە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان هیچ رێنماییەکی تایبەت بە سەربڕخانە نییە”.
شەقڵاوە لەساڵی 1952 بوەتە قەزا، هەریەکە لە ناحیەکانی سەڵاحەدین، هیران، هەریر، باسرمە و بالیسان لەگەڵ 217 گوند لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەگوێرەی زانیاریەکانی ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر.