دوکانێکی فرۆشتنی مریشک - وێنە 964+
کێشەکانیان دەخاتەڕوو
سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکان: نرخی مریشک بۆ جەژن گران نابێت
964+
توانا نەقی
نرخی کیلۆیەک مریشک ئێستا لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک بە نزیکەی سێ هەزار دینار دەخرێتە بازاڕەوە و سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دڵنیایی دەدات کە بۆ جەژن گران نابێت.
کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێن ئەو کێشانەی کە لە رابردوودا هەیان بووە بە تایبەت لە تێچوودا، چارەسەر نەبووە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 964ـی وت، چەند رۆژێکە نرخی کیلۆیەک مریشک بە 2900 دینار دەخەنە بازاڕەوە، بازرگانەکانیش لە 100 دینار بۆ 300 دینار دەخەنە سەری.
وتیشی، دڵینایی دەدەن بە هاوڵاتیان بۆ جەژن لە لایەن ئەوانەوە گران نابێت و نرخەکەی وەک ئێستا دەبێت.
سەبارەت بە کێشەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان کە بەردەوام گلەییان هەیە، نازم وتی، “هیچ کێشەیەکمان چارەسەر نەکراوە بە تایبەت تێچووی بەرهەمهێنان، کە زۆر لەسەر خۆمان دەکەوێت و ئاوڕمان لێنادەنەوە”.
“لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 40 کارگەی عەلەف هەیە بەڵام چاودێرییان لەسەر نییە و عەلەفیان بە گران پێدەدەن، هەروەها 200 دکتۆری ڤێتێرنەری هەیە و دەرمانیان بە گران پێدەدەن و چاودێریی نرخەکانیان ناکرێت”، نازم عەبدوڵا وای وت.
964 دەزانێت، سەرباری ئەو کێشانەی کە کێڵگە پەلەوەرییەکان هەیانە، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر مریشک رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
لە ماوی دوو هەفتەی رابردووشدا چەندان خاوەن کێڵگەی پەلەوەری لە سلێمانی، کە 950 کێڵگە بوونی هەیە، مانیان گرت و هۆڵەکانیان پڕنەکردەوە لە مریشک وەک نارەزایەتییەک دژی چارەسەرنەکردنی گرفتەکانیان