دوای تەندروستی کام وەزارەت وەریدەگرێت؟

هۆکاری رانەگەیاندنی لیستی موچە ئاشکرا دەبێت

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ ئەوەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی تەندروستی راگەیەندراوە، بەڵام وەزارتی دارایی لیستی دابەشکردنی موچەی وەک مانگەکانی تر بڵاونەکردووەتەوە.

دوای گەیشتنی 400 ملیارەکەی بەغدا لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی دارایی دەستبەجێ دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری وەزارەتی تەندروستی راگەیاند، بێ ئەوەی تەواوی لیستەکە رابگەیەنێت.

جیاواز لە مانگەکانی پێشتر، ئەمجارەیان تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەزارەتی دارایی لیستی موچەی رانەگەیاندووە.

سەرچاوەیەکەی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی بە 964ـی وت، هۆکارەکەی بۆ بوونی نزیکەی 350 ملیار دینار کورتهێنان گەڕاندەوە کە وایکردووە وەزارەتی دارایی بەرچاوی روون نەبێت کە خشتەی مانگێک وەک پێشتر بڵاوبکاتەوە یانیش هی یەک هەفتە.

بە قسەی وەزارەتی دارایی بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە بۆ دانی پارەی موچەخۆرانی، بەڵام بۆ موچەی مانگی ئایار، نزیکەی 600 ملیار دیناری لەبەردەستدایە کە 400 ملیاری پارەکەی بەغدا و 3200 ملیارەکەی تریش داهاتی ناوخۆیە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی بە 964 وت، سبەی یەکشەممە وەزیری دارایی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەت دەبیت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە کە نزیکەی 350 ملیار دینارە.

دەشڵێت: تاوەکو نیوەڕۆ هەوڵدەدرێت لیستی موچە رابگەیەندرێت، جا چ هی مانگەکە هەمووی بێت یانیش هی هەفتەیەک بێت تاوەکو لەگەڵ بەغدا دەگەین بە چارەسەرێک.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە تاوەکو پێش جەژنی قوربان کە 28ـی ئەم مانگەیە موچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش بکرێت.