کارەباکەی دەربەندیخان بۆ شارەزوور دەگەڕێندرێتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی سلێمانی، وێستگەی کارەبای شارەزوور دەبەستێتەوە بەوێستگەی کارەبای دەربەندیخان.

ئامانجی ئەم پلانە ئەوەیە، ئەو لۆدە زۆرەی لەسەر کارەبای سەیدسادق هەیە نەمێنێت، کە خۆی وابەستەی وێستگەی ناحیەکانی خورماڵ و سیروانە، بەڵام لەبری دەربەندیخان کورتهێنانی شارەزووری پڕدەکردەوە.

ئەم پرۆژەیە بە گوژمەی 49 ملیۆن دینار و لەسەر داهاتی 8%  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی جێبەجێدەکرێت، هاوکات کەیبڵی ناو تونێلەکە گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی دابینی دەکات.

سامان سابر، بەڕێوەبەری گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی ئەمرۆ شەممە 17.6.2022 بە 964ی وت، بەم هەنگاوە کێشەی بڕینی بەردەوامی کارەبا لە قەزای شارەزوور نامێنێت و ئەو وزەیە بۆ قەزاکە لە رێگەی کەیبڵێکی 33 کەی ڤی دەگەڕێتەوە.

ئەوەشی وت، پلانیان هەیە تا پێش کۆتایی ئەمساڵ وێستگەکانی کارەبای خورماڵ و سیروان بخەنە سەر وێستگەی 132 کەی ڤی هەڵەبجە، تا وێستگەی سەیدسادق بتوانێت تەختیەی کارەبای ناوچەکە بکات بە قەزای شارەزووریشەوە.

رۆژی 28.4.2022 لە تونێلی دەربەندیخان، تەنکەرێک وەرگەڕا و ئاگری گرت، بەهۆی گڕەکەیەوە پێنج ئۆتۆمبێلی دیکەش سووتان و دوو کەسیش بریندار بوون، هەروەها کەیبڵی 33 کەی ڤی کە کارەبای دەگواستەوە بۆ شارەزوور بە تەواوی سووتا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی